|
|
|
|
|
ئایا ئێمه دژ به پارتیی و یهکیهتیین؟ به‌ڕێز کاک محه‌مه‌د. پێشه‌کی سوپاسی خه‌مخۆریتان ده‌که‌م. کاکی به‌ڕێز، بێگومان ئێمه نه دژی یه‌کیه‌تین و نه دژی پارتیین.
هیچ کاتێک نه هۆ و نه مه‌به‌ست له دامه‌زراندنی پارتی لیبرالی کوردستان دژایه‌تی حزب و رێکخراوی تر بووه. مه‌به‌ست له دامه‌زراندنی پ ل ک له‌سه‌ره‌تاوه زۆر ئاشکرا بووه. پ ل ک، وه‌ک پارتێکی سیاسی باوه‌ڕی به لیبرالیزم هه‌یه و خه‌بات ده‌کات بۆ دابینکردن و مسۆگه‌رکردنی مافه‌کانی تاک له کوردستاندا. ئه‌من ده‌زانم راگه‌یاندنی پ ل ک وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی شتێکی نوێیه له کولتوری سیاسی ئێمه‌ی کورددا. له بۆچوون و فه‌رهه‌نگی حزبایه‌تی ته‌سک و کۆنه‌وه، ئێمه یان ده‌بێ دۆست بین یان دوژمن. به‌ڵام له دیدی ئێمه‌وه ئه‌م بۆچوونه هه‌له‌یه، و بۆچوونی خه‌ڵکێکه که نازانن ده‌وڵه‌تی دیموکراسیی و سیستێمی پهرلهمهنتاریی چییه. له سیستێمی په‌رله‌مانتاریدا ووشه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، واتای دوژمن نادات، به‌ڵکو ئه‌و پارتانه ده‌گرێته‌وه که له‌سه‌ر حکوم نین.له‌م جۆره سیستێمه‌دا (که هیوادارین له کوردستانیشدا په‌یڕه‌وی بکرێت) پارتی ئۆپۆزیسیۆن مافی هه‌یه که به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بکات و جێگای له په‌رله‌ماندا هه‌بێت و به‌شداری دادوستانهکان بێت.
ئێمه ئه‌گه‌ر به‌راستی بمانه‌وێت له کوردستاندا سستێمێکی په‌رله‌مه‌نتاری و دیموکراسیمان هه‌بێت. ده‌بێ، وه‌ک تاک و گرووپ
و رێکخراو بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی رامیاریی راسته‌قینه قهبوڵکهین. بۆیه تۆ وه‌ک تاکێک و حزبه‌کان وه‌ک رێکخراو، که باسی پلورالیزم و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌که‌ن، ده‌بێ به‌ربه‌ره‌کانی سیاسی قهبووڵکهن، گه‌ر وانه‌بێت گه‌لێ باشتره ده‌ست له‌و قسانه هه‌ڵگرن. له بۆچوونی ئێمه‌وه، نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی راسته‌قینه و سه‌ربه‌خۆ، هه‌میشه، هه‌میشه به‌ڵگه‌ی نه‌بوونی دیموکراسی رامیاری و بوونی
ده‌سه‌ڵاتی تاکه حزبوو زهبردهستییه (استبداد). حزبی به‌عس، حوکمومهتی تاکه حزبی دامه‌زراند و ئیستیبدادی بوو.
ئایا چاک بوو یان خراپ؟. حکه‌مه‌تی به‌عس، به ناو ئۆتۆنۆمی دابوو به کورد، کورد مه‌جلسی (ته‌شریعی و ته‌نفیزی)
هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ندامه‌کانی له لایه‌ن به‌عسه‌وه دادهمزراندران. حکومه‌تی به‌عس وه‌زیری کوردی هه‌بوو، که ئه‌ندامی حزبی به‌عس نه‌بوون. حزبه کوردیه‌کانی ناو حکومه‌ت، رۆژنامه‌ی خۆیان هه‌بوو، باره‌گایان هه‌بوو، مووچانه‌یان هه‌بوو... هتد! ئایا حکومه‌تی به‌عس دیموکرات بوو یان زه‌برده‌ست؟ ئایا له‌سه‌رده‌می به‌عسدا، هه‌ڵبژردنی ئازادبکراباییه و خه‌ڵک حزبێکی تری هه‌ڵبژاردایه، به‌عس حوکمی
جێ ده‌هێشت و ده‌یدا به‌و حزبه‌ی که خه‌ڵک هه‌ڵی بژاردووه؟ لێره ده‌مه‌وێ بڵێم، ئه‌وانه‌ی واده‌زانن که دیموکراسییه‌ت ته‌نها بریتیه له بوونی چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ک و چه‌ند که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤیزیۆن، و دروستکردنی حزبی
(ناسهربوخۆ)
خه‌ڵکێکن که به هه‌ڵه‌داچوون. سه‌نگی مه‌حه‌ک، له‌م وڵاته دواکه‌وتوانه‌دا، هه‌میشه رێگادان، و بوونی به‌ربه‌ره‌کانیی سیاسی ئازاده. بوونی پلورالیزمه، قه‌بوڵکردنی جیاوازییه و له‌سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه، ده‌ستگۆرکێی حوکمه، واته گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له حزبی دۆڕاوه‌وه بۆ حزبی براوه له هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد‌دا. به‌کورتی، ده‌توانین بڵێین ئێمه ئۆپۆزیسیۆنین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حوکم نین. واته ئێمه ئۆپۆزیسیۆنین به‌رانبه‌ر به (حزبی حاکم) نه‌وه‌ک دژمنی یه‌کیه‌تیی و پارتیین وه‌ک حزب.
چه‌ند ساڵێکی تر دوور نییه، کۆمۆنیست، یان
سۆسیالیست یان ...هتد. بێته سه‌ر حوکوم. ئهودهما ئێمه ئۆپۆزیسیۆنین به‌رانبه‌ر به حکومه‌ته نوێکه و دوور نییه په‌یمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کیه‌تی و حزبی
تردا ببه‌ستین تا ئۆپۆزسیۆنێکی به هێزتر دروستکه‌ین، به هه‌مان شێوه‌ش دوور نییه رۆژێک له رۆژان میلله‌ت ئێمه هه‌ڵبژێرێت بۆ حوکوم، ئه‌و ده‌ما ئه‌و حزبانه‌ی که له‌سه‌ر حوکوم نین ده‌بنه ئۆپۆزیسیۆن. ئێمه بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی راسته‌قینه، به پێداویستیه‌کی گه‌لێ گرینگ ده‌بینین بۆ پایهگوزارکردن و په‌یڕه‌و کردنی سستێمێکی دیموکراسی راسته‌قینه. گه‌ر سه‌رنجتان به‌ره‌و به‌یانی (پارتیمان به‌ره‌و ئۆپۆزیسیۆن)، راکێشین، که به‌رێزیشتان لهنامهکهتاندا ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن و رخنه‌ی لێده‌گرن، ده‌بینین به‌یانه‌که باسی حکومه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی (حوکمی چاک)
ده‌که‌ین. نه‌ک باسی یه‌کیه‌تی و پارتیی وه‌ک رێکخراوی سیاسی.
پارتیی و یه‌کیه‌تی دوو رێکخراوی رامیاریی کوردن له عیراق. پهیڕهوپروگرام و رێکخستن و دروشم و ئامانجی خۆیان هه‌یه، ئه‌ندام و لایه‌نگری خۆیان هه‌یه. ئێمه نه دژیانین و نه ماف به‌خۆمان ده‌ده‌ین که بۆچوونمان هه‌بێت به‌رانبه‌ر به شێوه‌ی کارکردنیان له ناو رێکخراوی خۆیاندا. به‌ڵام، که حزبه‌که بوو به حکومه‌ت، بار ده‌گۆڕێت. ئهودهما ئێمه مافمان هه‌یه که ده‌ست بۆ که‌موو کوڕیه‌کانی حکومه‌ت درێژکه‌ین. ئێمه مافمان هه‌یه رخنه له فه‌رمانی نابه‌جێ و کارمه‌ندی دز و وه‌زیری رهشوهخۆر بگرین. ئێمه نه‌ک هه‌ر مافمان هه‌یه، به‌ڵکو به ئه‌رکی هه‌موو هاوڵاتی و رێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌بینین، که ئاشکرا، دژ به خراپه بوه‌ستێت. به‌تایبه‌تی خراپه‌کاریی ده‌سه‌ڵاتداران. ئێمه دژ به یه‌کیه‌تی و پارتیی نین،
به‌ڵام ئێمه له گه‌ڵ داهاتوویه‌کی گه‌شترین بۆ کوردستان و هاوڵاتی کوردستانی.
ئێمه له گه‌ڵ مسۆگه‌رکردن و دابینکردنی مافه‌کانی هاوڵاتی کوردستانی و رێزگرتن و ته‌عه‌دا نهکردنین له که‌رامه‌تی هاوڵاتی کوردستانین. ئایا ئه‌مه خراپه. له دیدی ئێمه‌وه، کۆمه‌ڵگای سه‌رکه‌وتوو، کۆمه‌ڵگای یاسایه. کۆمه‌ڵگایه‌که که تیایادا یاسا و داموده‌زگای ده‌ستووریی حوکم ده‌کات. ده‌وڵه‌تی چاک ئه‌و ده‌وڵه‌تی یاسایه‌یه، که زامنی دادپه‌روه‌ریی، و یه‌کسانیی و هاوسانییه بۆ گشت ئه‌ندامه‌کانی بی جیاوازی. ده‌وڵه‌تی چاک ده‌وڵه‌تی داموده‌زگای هه‌ڵبژێردراو و ده‌ستورییه، که به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان تیایادا له‌سه‌رو گشت بهرژه‌وهندیهکی تردایه. حوکمی چاک، ئه‌و حوکمه‌یه که له به‌ڕێوه‌بردنیدا هاوڵاتی به بوویه‌کی سه‌ره‌کی ده‌بینێت له گشت به‌شه‌کانی بڕیاروه‌رگرتن و ئه‌نجامداندا، نه‌ک وه‌ک سێبه‌رێکی بی
ره‌گ و روو.
دیموکراسییه‌ت فه‌رزده‌کات که هه‌میشه راپرسی به میلله‌ت بکرێت. دیموکراسییه‌ت رێنادات که بڕیار له‌سه‌ره‌وه وه‌ک ئایه‌ت ته‌نزیل بکرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه بڕیاروه‌رگرتن و حوکم کردن هه‌میشه له خواره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت. هیچ پێشکه‌وتنێکی ژیاریی دروست
نایه‌ته دی بێ به‌شداری چالاکانه‌ی میلله‌ت له پرۆسه‌ی دروستکردندا به هه‌موو به‌شه‌کانیه‌وه، واته، نه‌خشه‌کیشان، جێبه‌جێکردن، چاودێری و به‌رده‌وامیبوون. ئایا ئه‌مه خراپه؟. ئێمه، فرهڕنگییو جیاوازیی بۆچوون به بارێکی پۆزه‌تیڤ‌و چاک ده‌زانین. هه‌ر بۆیه‌شه که گه‌وره‌ترین دوژمنه‌کانی لیبرالیزم، زه‌برده‌ستی رامیاریی (استبداد سیاسی)و کۆمه‌ڵگای یه‌ک ره‌نگییه. واته کۆمه‌ڵگایه‌ک که یه‌ک جۆره رای تێدا ره‌وابێت. یه‌ک شێوه بیرکردنه‌وه‌ی تێدا ره‌وابێت. یه‌ک کو‌لتووریی تێدا ره‌وابێت، یه‌ک ههڵسهنگاندنو بۆچوونی تێدا ره‌وابێت. دڵفراوانی لای ئێمه‌ی لیبرال، ئه‌وه ده‌گه‌ێنی، که مرۆڤ ده‌بێ ئاماده بێت رێگا به هه‌موو که‌سێک بدات که به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز له خۆی (بیربکاتهوه‌و بدوێ‌و بجوڵێته‌وه). ئه‌م دیده له‌لایه‌که‌وه جه‌خت له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمی مرۆڤ دهکاتو له لایه‌کیشه‌وه ره‌وشتی هه‌ڵسووکه‌وتمان به‌رانبه‌ر به‌یه‌ک دیاری ده‌کات. به‌ڵێ گرینگی دڵفراوانیی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌م بۆ تاکو هه‌م بۆ کۆمه‌ڵگا بێپایانه. بۆ تاک گه‌ره‌نتیکه‌ری ئۆتۆنۆمییهتیو رێخۆشکه‌ری پێشکه‌وتنیه‌تی، گرینگیشی بۆ کۆمه‌ڵگا له‌وه‌دایه که باژێڕێکی ئازاد بۆ بیر دروستده‌کات. گومانیش له‌وه‌دا نییه که ته‌نها له باژێڕی بیری ئازاد‌دا راستیی ده‌توانێت بهدهرکهوێتو بمێنێت. ئایا ئه‌مه خراپه؟. ئێمه ده‌ڵین، له کوردستاندا ده‌بێ یه‌ک، حکومه‌ت هه‌بێت، و له‌شکر و دارایی و ئاسایش
له ژێرده‌ستی حکومه‌تی ههڵبژاردراودابێت. ئایا ئه‌مه چاکه یان خراپه؟ له ئه‌مڕۆی کوردستانی باشووردا، ئابووریی و هێزی چه‌کدار و ئاسایش ته‌نها موڵکی حزبی حاکمن، نه‌ک میلله‌ت، و هه‌تا یه‌کیه‌تی و پارتیی هه‌ریه‌که هێزی چه‌کداری خۆی هه‌بێت و تێکه‌ڵاویان نه‌که‌نه‌وه و نه‌یانکه‌ن به له‌شکرێکی یه‌کگرتووی کوردستانی، ئه‌مه له دیدی ئیمه‌وه ته‌نها یه‌ک واتای هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌م دوو حزبه باوه‌ڕیان به‌یه‌ک نییه‌و هه‌موو ساتێک ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌یه، ئایا
ئه‌مه چاکه یان خراپه؟ دوو حکومه‌تی حزبی حاکم ۱۳ ساڵه باسی یه‌ک گرتنه‌وه ده‌که‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین، سێ ده‌زگای دارایی و ئاسایش
و له‌شکر تیكيڵاوکهنهوه!!! ئێمه‌ی میلله‌ت گه‌ر نه‌بین به خاوه‌نی ئابووریی کوردستان و له‌شکری کوردستان
و ئاسایشی کوردستان، ئیشمان به یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو حکومه‌ته‌که چییه؟. باشتر وایه ئاشکرا هاوارکه‌ین گه‌ر پاش ئه‌وهه‌موو ساڵه، هێشتا
باوه‌ڕتان به‌یه‌ک نییه و پێتان ناکرێت (فه‌رمانڕه‌وایی کوردستان) دروستکه‌ن، لاچن خه‌ڵکێکی که ئاماده‌یه دروستیکات. ئه‌مه‌یه نیشتمان په‌روه‌ریی و بیرکردنه‌وه له داهاتووی کوردستان. ئه‌وانه‌ی واده‌زانن ئه‌م میلله‌ته مه‌زنه ته‌نها یه‌ک حزبی هه‌یه و ته‌نها یه‌ک نه‌فه‌ری بۆی هه‌یه بیربکاته‌وه و بڕیاربدات، بێگومان به‌شێک نین له‌م ژیاره نوێیه. له کوردستانی ئه‌مڕۆدا هیچ دادگایه‌ک نییه حه‌دی هه‌بی موحاسه‌به‌ی وه‌زیرێکی دز و سیاسیه‌کی رهشوهخۆر و چه‌کدارێکی تاوانکه‌ر بکات.
له کوردستانی ئه‌مڕۆدا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له لایه‌ن دوو حزبی حاکمه‌وه داده‌مه‌زرێن(له‌سه‌رده‌می به‌عسدا به‌م جۆره په‌رله‌مانه‌مان ده‌گوت، کارتۆنی)، ئایا ئه‌مه چاکه یان خراپه؟. له‌لایه‌کی که‌وه، برای به‌ڕێز ئاشکرایه که ئێمه وه‌ک لیبرال له‌گه‌ڵ ئابووریی بازاری ئازادداین، واته به هیچ شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕمان به ئابووری پلانڕێژراو و ئیشتراکی نییه. له‌کوردستاندا، ده‌بینین هه‌ردوو حکومه‌ت ده‌زگایه‌کی ئیداریی مه‌زنیان دروستکردووه. %75خه‌ڵکی کوردستان کارمه‌ندی حکومه‌ته. هێزی کار به‌رهه‌می نییه. خه‌ڵک ته‌نها سه‌ری مانگان ده‌چن مووچانه‌یان وه‌رده‌گرن. له فهرمانخانهو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کاندا کورسی بۆ کارمه‌ندانی بێکار ریزکراوه. بازاڕ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیاندایه. که‌س ناوێری کۆمپانیایه‌ک دامه‌زرێنی دوو ده‌سه‌ڵاتداری حزبی لێ په‌یداده‌بن و به‌شی خۆیان ده‌وێ.
به‌کورتی بوونی حکومهتیك كه ده‌ستی به‌سه‌ر ئابووریدا گرتبێت. نه‌بوونی دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ که مافی خاوه‌نداریه‌تی پێ بپارێزرێت. نه‌بوونی ده‌ستوورێک که رێگانه‌دات به حکومه‌ت ده‌ست له کاروباری بازاڕ وه‌ردات. و بوونی
نه‌فه‌رێک (یان گرووپێکی بچووک)
که بتوانێت به پێی ویست و ئاره‌زووی خۆی یاسا
بگۆڕێت، ئه‌مه ئاشکرا دورخستنه‌وه‌ی کوردستانه له ئابووریی بازاری ئازاد. بۆیه بێگومان، ناره‌زایی ده‌رده‌بڕین. ئێمه ده‌ڵێین سه‌رمایه هه‌رگیز روو له بازارێک ناکات، که ئاره‌زووی حزبێک حوکمیکات، ئایا ئه‌مه چاکه یان خراپه؟. هه‌روه‌ها، له‌کوردستانی عیراقی دابه‌شکراودا هه‌ردوو حکومه‌ت باسی یه‌کگرتنه‌وه ده‌که‌ن. من نازانم چۆن یه‌کتری ده‌گرنه‌وه؟؟؟ له ناوچه‌ی حکومه‌تی سلێمانی، هێزی چه‌کدار هه‌مووی ئه‌ندامی یه‌کیه‌تییه. پۆلیس هه‌مووی یه‌کیه‌تییه. ئاسایش هه‌مووی یه‌کیه‌تییه. حکومه‌تی هه‌ولێریش به‌هه‌مان شێوه هه‌موو ده‌زگاکانی سه‌ر په پارتییه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه له‌م کوردستانه‌دا سبه‌ینی خه‌ڵک حزبێکی تر هه‌ڵبژێرێت، ئایا ئه‌م حزبه نوێیه چۆن حوکمی پێده‌کرێت؟؟؟؟ کێ به‌قسه‌ی ده‌کات و فه‌رمانه‌کانی جێبه‌جێده‌کات؟؟؟ ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیس و له‌شکر به فه‌رمانی کێ به‌ڕێوه ده‌چن، حکومه‌تی نوێ؟ یاخود (الحزب القائد)؟؟؟. له راستیدا برای به‌ڕێز له کوردستانی باشووردا دوو حکومه‌تی کوردستان نییه به‌ڵکو حکومه‌تی پارتیی و یه‌کیه‌تیی هه‌یه. چوونکه هیچ حزبێک له‌مانه دامودهزگایهکیان دروست نه‌کرد که وه‌فای بۆ میلله‌ت هه‌بێت به‌ڵکو داموده‌زگاکانیان وه‌فایان بۆ خودی حزبه‌که هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌ێنی که میلله‌ت، و هاوڵاتی کوردستانیی له راستیدا خاوه‌نی هیچ نییه له‌وه‌ڵاتی خۆیدا، ئه‌مه‌یه ئیستیبدا. بۆیه مافمان هه‌یه ببین به ئۆپۆزسیۆن و داوای شتێکی چاکتر بکه‌ین. |