|
|
|
بۆچی پارتێکی نوێ هه‌رگیز نابێت له یادمان بچێت که کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کوردستان ته‌نها
به‌شێک نین له وڵاته داگیرکه‌ره‌کانی خاکه‌که‌مان، به‌ڵکو ئێمه به‌شێکین له
جیهان، به‌شێکین له هه‌موو گۆڕانێک و به‌شێکین له هه‌موو پێشکه‌وتنێک. چۆن به‌شێک
بووین له ڕابووردوو، به‌شێکین له ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێش. جیهانی پاش جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م و دووهه‌می سه‌ده‌ی رابوردوو و جه‌نگی
ساردی نێوان به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، جیهانێک بوو که کوردی له گشت
بوارێکه‌وه هه‌راسان کردبوو، جیهانێک بوو که تیایادا چالاکانه کار ده‌کرا بۆ
تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، تیایادا چالاکانه کارده‌کرا بۆ بچووک کردنه‌وه‌ی
نه‌خشه‌ی کوردستان و زه‌وتکردنی خاکی کورد. له سه‌ده‌ی رابوردوودا کوردی قه‌له‌نده‌ر
به درێژایی سه‌ده‌که تا‌که میلله‌تی سه‌ر رووی زه‌مین بوو که نه رۆژئاوای
له‌گه‌ڵ بوو نه رۆژهه‌ڵات، بۆیه شۆڕشه‌کانی کورد، گه‌ر به گشتی بنواڕینه سه‌ده‌که
هه‌مووی، له رواڵه‌تدا شۆڕش نه‌بوو بۆ ئازادیی خاکی کوردستان، به‌ڵکو شۆڕش بوو
بۆ رێگانه‌دان به له‌ناوبردنی کورد. شه‌ڕی کورد شه‌ڕی مان و نه‌مان بوو بارانبه‌ر
به پان ئێرانست و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی و تۆرانییه‌تی تورک. سه‌ده‌ی رابوردوو ئه‌وه‌نده سه‌خت بوو بۆ کورد، که کورد تیایادا خه‌باتی
ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی که دوژمنانی کورد دان به‌وه‌دا بنێن که کورد هه‌یه. له سه‌ده‌ی
رابوردوودا کێشه‌که‌مان که له راستیدا کێشه‌ی خاکێکی داگیرکراوه گۆڕا به
کێشه‌یه‌کی کو‌لتووریی. له باتی ئه‌وه‌ی که خه‌بات بکه‌ین بۆ ئازادیی کوردستان،
خه‌باتمان کرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه کولتووریه‌کانی کورد. رێکخراوه کوردیه‌کانی سه‌ده‌ی رابوردوو پێان نه‌ده‌کرا له‌و سه‌رده‌مه
کوردکوژه به‌دفه‌ڕدا خاوه‌ن به‌رنامه بن. خاوه‌ن سیاسه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی بن،
خاوه‌ن سیاسه‌تێکی ئابووریی بن، ته‌نها پێیان ده‌کرا شه‌ڕ بۆ مان بکه‌ن. ئه‌مه‌ش
له هه‌موو شتێک گرینگتر بوو چونکه مانی کورد و مانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی
کورد به‌یه‌که‌وه گرێدرابوو، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م رێکخراوانه پتر ره‌نگی ئه‌رته‌شیی
و سه‌ربازییان لێ‌نیشت و پێویستییان به خه‌ڵکی شه‌ڕکه‌ر پتربوو له پێویستییان به
سیاسه‌تزان و کۆمڵناس و ئابووریناس. هه‌ر بۆیه‌ش به‌شی رێکخستنی سیاسیی ئه‌م
پارتانه، جا چ رێکخستنی ناوشاریان بێت یان رێکخستنی شاخ هه‌میشه له خزمه‌ت به‌شی
سه‌ربازیی پارته‌کاندا بووه. ئه‌مڕۆ دوێنێ نییه. سه‌رده‌م گۆڕانی به‌سه‌رداهات. ئه‌مڕۆ نه سه‌رده‌می
کۆمۆنیزمه و نه سه‌رده‌می کاپیتالیزم. سه‌رده‌م سه‌رده‌می گلۆبالیزمه. مه‌رجه‌کانی
جیاوازه، پێداویسته‌کانی جیاوازه و ئامانجه‌کانی جیاوازه.بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی
کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا له پشوودایه. کورد خه‌ریکه ورده ورده
له خه‌بات بۆ کولتوورێکی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو تێده‌په‌رێت و روو له خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی
خاکی کوردستان ده‌کاته‌وه. پێویستیمان به چه‌کدار که‌م بۆته‌وه و پێویستیمان
به رۆشه‌نبیر و پسپۆر پتر بۆته‌وه. ئێمه ئه‌مرۆ شه‌ڕ بۆ مان ناکه‌ین. به‌ڵکو
خه‌بات بۆ بڕیاردانی چاره‌نووس ده‌که‌ین، پێداویسته‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆمان یه‌ک
نین. بۆیه ئه‌مڕۆ پێویستیمان به مۆدێرنکردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رامیاریی میلله‌تی
کوردستان هه‌یه. ئێمه‌ش وه‌ک گشت میلله‌تانی جیهان پێویستیمان به گۆڕان هه‌یه،
پێویستیمان به بیرێکی نوێ هه‌یه، پێویستیمان به نه‌وه‌یه‌کی نوێ هه‌یه،
پێویستیمان به ره‌وشتێکی رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی نوێ هه‌یه،
پێویستیمان به پارتێکی سیاسی هه‌یه که ئیفرازی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه بێت.
پێویستیمان به پارتێکی سیاسی هه‌یه که ستراتیژیه‌تێکی کوردستانیی نوێ دابڕێژێته‌وه،
که خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی دیاریکراوبێت بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ساختمانی کۆمه‌ڵگای
کوردستانیی، ئێمه پێویستیمان به پارتێکی رامیاریی مۆدێرن هه‌یه که به‌رنامه‌یه‌کی
ئابووریی گونجاو به کوردستان و سه‌رده‌می پێبێت. به‌رنامه‌یه‌ک که کوردستان هه‌میسان
بکاته‌وه به به‌شێک له جیهان. ئێمه پێویستیمان به پارتێکی مۆدێرنه که
کولتووری سیاسیمان بگۆڕێت. که ساختمانی پارت و عه‌شیره‌ت له یه‌ک جودا کاته‌وه.
ئێمه پێویستیمان به سوڵتانێکی چاک نییه، به‌ڵکو پێویستیمان به سیستێمێکی
ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیارییه که رێگا به کۆیله‌یی بیر و له‌ش نه‌دات،
که وه‌فا تیایدا بۆ تا‌که نه‌فه‌ر نه‌بێت به‌ڵکو بۆ میلله‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی
میلله‌ت بێت. پارادیگمی 2000، پارادیگمی 1900 نییه. پێداویسته‌کانی سه‌ده‌ی
نوێ، هه‌مان پێداویستی سه‌ده‌ی رابوردوو نیین. مادام پێداویسته‌کان و ئامانجه‌کان
گۆڕان، که‌واته بێگومان پێویستیمان به پارتێکی رامیاری جیاواز هه‌یه. بارودۆخی ئه‌مڕۆی کوردستان و ناوچه‌که و جیهان، داوا له رۆشه‌نبیرانی
کوردستانی ده‌که‌ن، که ئه‌لته‌رناتیڤێکی میللی نوێ پێشکه‌ش به مرۆڤی
کوردستانیی بکه‌ن. بارودۆخی ئه‌مڕۆی کوردستان و ناوچه‌که، داوا له رۆشنبیرانی
کوردستان ده‌کات که پارتێکی ئه‌لته‌رناتیڤ پێشکه‌شکات. پارتێک که له‌سه‌ره‌تاوه
بتوانێت پڕۆژه‌یه‌کی رامیاریی دیار، پڕۆژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دیار و پڕۆژه‌یه‌کی
ئابووریی دیاری پێبێت. پارتی کۆن چۆن بایه‌خی به شه‌ڕکه‌ر و چه‌کدار ده‌دا، ده‌بێ
پارتی نوێمان بایه‌خیکی سه‌ره‌کیی به رۆشنبیر و ئه‌کادیمی و پسپۆربێت. ئێمه ئه‌مڕۆ
له قۆناغی شه‌ڕی شاخدا نه‌ماوین، ئێمه له قۆناغی خه‌باتی شارداین. پارتی نوێ
ده‌بێ به‌ڕه‌ی حوکم له ژێر پێی ده‌سه‌ڵاتی زه‌برده‌ستانه (ئیستیبدادیی)
راکێشێت و بیخاته ده‌ست میلله‌ت. پارتی نوێ ده‌بێت بۆ پاراستنی میلله‌ت، ده‌سه‌ڵاتدار
بکات به کارمه‌ندی میلله‌ت. پارتی نوێ ده‌بێ بێ ترس خه‌بات بکات بۆ کوردستانێکی
ئازاد، خه‌بات بکات بۆ کوردستانێکی دیموکرات، کوردستانێکی لیبرال، که مرۆڤ
تیایادا له ژێر سایه‌ی یاسادا ئازادانه بژی و ئازادانه بیر بکاته‌وه، و
ئازادانه کار بکات. پارتی نوێ ده‌بێت له کوردستانێکی لیبرالدا هه‌ڵگری به‌رنامه‌ی
(ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تیی – دوله الرفاه الاجتماعی) بێت. رۆژ، رۆژی هه‌ڵکردنی ئاڵای رێنێسانسی کوردستانییه، رێنێسانسێ که
مرۆڤی کوردستانی، هۆشمه‌ندکات، و ته‌ندروست کات، و ده‌وڵه‌مه‌ند کات. رێنێسانسێ
که ئه‌نجامه‌که‌ی کوردستانێکی ئازاد و مرۆڤێکی شادومان بێت. کوردستانێکی ئازاد‌و هاوڵاتییه‌کی هۆشمه‌ند و ته‌ندروست و ده‌وڵه‌مه‌ند
|